دوژمنەکان لە هەموو ڕوویەکەوە: زێلێنسکی، جەنگ بۆ پەلاماردانی مافەکانی کرێکاران بەکاردێنێت

لە جەرگەی وێرانکردنی ژیانی ملیۆنەها خەڵکی ئۆکراینا وەک دەرئەنجامێکی داگیرکارییەکانی ڕوسیا، پەرلەمانی ئەو وڵاتە توندترین پەلامار و لێبڕینەکان بۆ سەر مافەکانی کرێکاران لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بەرەوپێش ئەبات. لە یەکی جوڵایەوە پەرلەمان یاسای ژمارە #5371 ی پەسەند کردووە – لە نێو چەندەها بڕگەخاڵی تر- کاتەکانی کارکردن بۆ ٦٠ کاتژمێر لە هەفتەدا زیاد کردووە، و ڕێگاش بەو خاوەنکارانە ئەدات کە ژمارەی کرێکارەکانیان لە 250 کرێکار کەمترە، کرێکاران دەربکەن، لە ئەگەری زیانگەیاندن بە موڵکەکان لە کاتی کردەوە سەربازییەکان یان نەچوونەوە سەرکاری کرێکارانی دائیمی لە ماوەی ٤ مانگدا. ئەم یاسایە بەدوای چەندین یاسای تردا هاتووە، کە مافی سەندیکاکانیان سنووردار کردووە، و گرێبەستەکانی کاتژمێری سفریان بە یاسایی کردووە، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پابەندبوونی پێدانی مووچەی ئەو کرێکارانەی کە بۆ نێو هێزە چەکدارەکان ڕێکخراون.

پاشان ئەمڕۆش، ڕاوێژکاری ئابووری ئۆکراینا بۆ سەرۆک، ئەلێکساندەر ڕۆدنیانسکی ڕایگەیاند: وڵات پێویستی بە "دروستکردنی بناغەکان بۆ گەشەی خێرای ئابووری"هەیە، لە هەمان ئەو کاتانەی کە سووتەمەنی هەوڵەکانی جەنگ دابین ئەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک "چاکسازی" پێشنیار کردووە بۆ "نوێکردنەوە" (بە واتایەکی تر تێکشکاندنی) یاساکانی کار، و بە تایبەتکردنی هەزاران کۆمپانیای سەر بە دەوڵەت.

ئەم ڕاوێژکارە بانگەشەی "لیبرالیزەکردن" ئەکات لە دەوری "ئاسانکاری دامەزراندن، ئاسانکاری لە دەرکردن، مووچەی وازهێنان، کاتژمێر و گرێبەستی نەرم و گرێبەستی ماوەیی دیاریکراو". هەروەها پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی کەمترین مووچە لە هەندێک لە پیشەسازییەکان، و کەمکردنەوەی مۆڵەتی مووچە و فرۆشتنی سەروەت و سامانەکانی دەوڵەتی کردووە. بە کورتی،بانگەشەی هێرشکردنە سەر ئاستی ژیان و گوزەران، مووچە و مەرجەکانی کاری کرێکاران دەکات.

ئەمە سروشتی ڕاستەقینەی حکومەتی ئۆکراینامان بۆ ئاشکرا دەکات. خزمەتکاری بەرژەوەندییەکانی چینی سەرمایەدارییە – هەم بەشێک لە ئۆلیگارشی نەریتیی ئۆکراینا و هەم لە سەرمایەی نێودەوڵەتی، کە هەر لە ئێستاوە چاویان لە دەرفەتەکانی قازانجکردنە لە چینی کرێکاری ئۆکراینا لە دوای جەنگ.

زێلێنسکی و پارتی (خزمەتکاری گەل)

وەک لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ٢٠١٩ ڕوونمان کردەوە، پارتی خزمەتکاری گەل (SN) زۆرینەیەکی پێوانەیی بەدەستهێنا، بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە ڕێگای دەنگدانی دژە پۆرۆشینکۆوە – دژ بە ناسیۆنالیزمی پۆرۆشینکۆ، بەردەوامی شەڕ لە دۆنباس، و خراپبوونی بارودۆخی ئابووری بەگشتی. زێلێنسکی و زۆرێک لە جێگرە تازە دەستبەکاربووەکانی لە پارتی خزمەتکاری گەل لە باری تەکنیکییەوە ئەزموونیان لە حکومەتەکانی پێشوودا نەبووکە ئۆلیگارشییەکان سەرکردایەتییان ئەکرد. بەڵام مرۆڤ ناتوانێت بە تەنها توێژاڵێکی تەنکی بۆیاخ خانوویەک نۆژەن بکاتەوە. پێکهاتەی سەرمایەداری ئۆکراینا وەک خۆی ماوەتەوە، لە کاتێکدا سیاسەتەکانی حکومەتی زێلێنسکی درێژەی هەمان سیاسەتەکانی حکومەتە ڕاستڕەوەکانی پۆرۆشینکۆ بوو لە دوای ناڕەزایەتییەکانی یۆرۆمایدانەوە( مەبەست لە ناڕەزایەتیەکانی نۆڤەمبەری ئۆکراینایە لە ٢١ی نۆڤەمبەر ٢٠١٣).

زۆربەی سەرکەوتنەکانی ژیانی هونەری زێلێنسکی، ئەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ گرووپی ئۆلیگارشی کۆڵۆمۆیسکی، کە ئیمپراتۆریەتی میدیایی ئەوان بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانی زێلێنسکییان بەرهەم ئەهێنا. بەڵام، هەر کە ڕوون بووەوە، کۆڵۆمۆیسکی تاکە کاریگەری لەسەر زێلێنسکی و ئێس ئێن نەبوو، نزیکبوونەوە لەگەڵ سەفارەتی ئەمریکا لە کیێڤ پێش هەڵبژاردنەکان دەستی پێکردبوو.

ئەمەش لە لێدوانە گشتیەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو کە قسەی لەگەڵ "وەبەرهێنەرە ئەگەرەکان- محتمل" کرد، کە تێیدا زێلێنسکی شانازی بە داهاتووی بارودۆخی شایستەوە ئەکرد بۆ ئەوەی کرێی کەم بدەن بە "ئۆکرایینە ماندووەکان". هەرچەندە زێلێنسکی توانی مووچە بە نزمیی بهێڵێتەوە، بەڵام لە دوای قەیرانی سەرمایەداری جیهانی و ناسەقامگیری گشتی ناوخۆیی لە ئۆکراینا، ئەم دەستپێشکەرییانەش بە شێوەیەکی سیحراوی وەبەرهێنەرانی بۆ لای خۆی ڕانەکێشا. بودجەی حکومەت لە کۆتاییدا ناچار بوو لەسەر قەرزی بیانی بنیاد بنرێت نەک زیادکردنی وەبەرهێنان، بەمەش قەیرانی بارگرانی زیاتر لە پێدانەوەی قەرزەکان لە داهاتوودا.

خاڵەکە ئەمەیە، هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر مافەکانی کرێکاران سیاسەتێکی نوێ نین کە لە ئەنجامی شەڕدا هاتبێتنە ئاراوە، بەڵکو پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٩دا هەر لەگەڵ بەرەوپێشبردن و سەپاندنیدا بوون، هەرچەندە ئۆپۆزسیۆنێکی دروستی کرێکاری لە پەرلەماندا بوونی نییە، و حزبی شیوعیش بە شێوەیەکی کاریگەر لە سیاسەتی سەرەکی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە وەلانراوە، هەندێک لە پارتەکانی بەشە ئۆلیگارشییە ڕکابەرەکان لەوانە بلۆکی ئۆپۆزسیۆن (پاشماوەی پارتی هەرێمەکان) و حیزبی دەوروبەری بلۆگەری ئۆپۆزسیۆن ئەنادۆڵی شەریج، هیچ مەرج نین لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە دژایەتی یاساکانی دژە کرێکاری پۆرۆشینکۆ و دواتریش زێلێنسکی بکەن، بەڵام لانیکەم بە وشە و دەنگی پەرلەمان دژایەتیان نیشانداوە. ئەم پارتانە و هاوپەیمانەکانیان لە میدیاکاندا تەنانەت پێش دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکانی مانگی فێبریوەری ڕووبەڕووی سەرکوتگەری بوونەتەوە، و هەروەها لەشکرکێشییەکەش زۆر بەخێرایی بۆ ڕێگریکردن لە چالاکییەکانیان تا ئەو جێگایەی حکومەت لە توانایدا بوو بەکارهێنرا.

وەڵامدانەوەی بزووتنەوەی کرێکاریی ئۆکراینا

یاسا نوێیەکانی کار لەلایەن بزووتنەوەی کرێکاری ئۆکرایناوە بە شێوەیەکی بەرفراوان شەرمەزار کراون. پێش ماوەکانی داخستنی بەهۆی پەتای کۆڤید-١٩ەوە، ململانێی چینایەتی زیادی کردووە، بە تایبەتی لەگەڵ مانگرتنی کرێکارانی کانەکان لە ناوچەی کریڤباس(Kryvbas)، هەروەها کارمەندانی چاودێری تەندروستی، کە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە تایبەتکردنی ناوەندەکانیان دەربڕی.

بەڵام بزووتنەوەی کرێکاری سەلماندوویەتی کە لە نێو قۆناغی شەڕدا ناتوانێت لە بەرامبەر حکومەتدا بوەستێتەوە. ئەمانە هەردووکیان دەرئەنجامی ئەو ڕێوشوێنە پاوانخوازانەن کە لەلایەن ئیدارەی زێلێنسکییەوە پێش لەشکرکێشی ڕووسیا و لە کاتی داگیرکاری ڕووسیادا خراونەتەڕوو، بەڵام هەروەها لە تاکتیکی گشتی سەرکردەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە دانوستان و هاوکاری چینایەتی لەگەڵ سەرۆک و خاوەنکارەکانیشەوە سەرچاوە دەگرێت.

هەردوو فیدراسینی سەندیکاکانی کرێکارانی ئۆکراینا (FPU) ، کە پاشماوەی سەندیکای سەر بە دەسەڵاتی حکومەتە (SSR) ە، و کۆنفیدراسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتی کرێکاران کە سەر بە کۆنفییدراسیۆنە ئازادەکانی یەکێتی کرێکارانی ئۆکراینایە (KVFU) ڕەخنەیان لە یاساکان گرتووە بەڵام هیچ کامیان هیچ ڕێوشوێنێکیان پێشنیار نەکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.

میکایۆلۆ ڤۆلەنتیس سەرۆکی هەتا سەری (KVFU) :

یاسای کار چیتر کارپێناکرێت، ڕێککەوتنە دەستەجەمعییەکان لەناو دەبرێن و تەنانەت ئەو میکانیزمانەی پاراستنی کرێکاران کە ئەمڕۆ لە شوێنی خۆیانن چیتر کار ناکەن. ئەمانە پێشێلکاریی بێڕێزیین بە نۆرم و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی کارەوە"

بەڵام ئەمە، کێشەکەیە لە پشتبەستن بە چەمکی ‘نۆرمە نێودەوڵەتییەکانەوە’. ئەو ڕێکخراوانەی کە زۆرترین دەسەڵاتیان بەسەر زێلێنسکیدا هەیە بریتین لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی(IMF)، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی(WTO) هاوشان لەگەڵ سەرمایەدارە نیوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

تاکە وەڵامی ئەم هێرشانە خەباتی چینایەتی سەربەخۆیە – دامەزراندنی پارتێک لە چینی کرێکاری ئۆکراینا. میکایۆلۆ ڤۆلەنتیس کاری خۆی وەک جێگرێک بۆ پارتەکانی بۆرژوازی نیشانداوەو کردووە، پارتێکی سەربەخۆی چینی کرێکاری ئۆکراینا ئەتوانێت ببێتە بەربەستێک لە بەرامبەر چاکسازییە توندەکانی یاسای کار، و لە توانایدایە دەستی بگاتە چینی کرێکاری ڕووسیا، پەیوەندی هاوپشتی لە دژی ئەم شەڕە دڕندانەیەش بنیاد بنێن.

کرێکاران باجی شەڕەکە ئەدەن

هەفتەیەک پێش لەشکرکێشییەکانی ٢٤ی فێبریوەری کۆچێکی بەرچاوی دەوڵەمەندەکانی ئۆکراینامان بەرچاو کەوت، کۆچێک کە زێلێنسکی بە ئاشکرا بەرگری لێئەکرد، کاتێک هەوڵیدا ئەگەرەکانی ڕوودانی داگیرکاریی کەم بکاتەوە، ئەو لە بەرامبەر مێدڤێچوکی وابەستەی ڕووسیا و ڕینات ئەخمێتۆڤ پادشای دۆنباس هاتۆتە دەرەوە. بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە سەرمایەدارە دەوڵەمەندەکانن زاڵن بەسەر ئابووری ئۆکراینادا. هەروەک چۆن بەدواداچوونی پوتین بۆ کودۆرکۆڤسکی و بێرێزۆڤسکی لە بنەڕەتدا ئەو ڕاستییەیان نەگۆڕی کە ئەو وڵاتەش لەلایەن ئۆلیگارشییەکی سەرمایەداری دەوڵەمەندەوە کۆنترۆڵ کراوە. لە ئێستادا کاتێک زۆربەی دەوڵەمەندە سەرسوڕهێنەرەکانی ئۆکرانیا لە هاوینەهەواری فەنتازی ئەوروپی و ماڵە ئارامەکانی لەندەن پشوو ئەدەن. چینی کرێکاری ئۆکراینا ناچارئەکرێن بە ژیانی خۆیان، وێرانکردنی ماڵەکانیان، و خراپتربوونی بارودۆخی کارکردنیان باجی جەنگەکە بدەن.

‘یەکێتی نیشتمانیی – یان یەکڕیزی نیشتمانیی" کە ئیدارەی زێلێنسکی لە بانگەشەکانیدا پڕۆژەی ئەکات، ڕێک ئەوەیە کە ترۆتسکی بە "یەکێتی نێوان ئەسپ و سوارەکەی" وێنای کردووە. چینی دەسەڵاتدار لە کاتێکدا سەروەت و سامانەکانیان بە بەهای ملیۆنان دۆلار لە وێرانکاری جەنگەکەدا زەبرێکی زۆریان لێئەدرێت، توانای ئەوەیان هەیە لە ململانێکاندا لە دوورییەکی سەلامەتدا پشوو بدەن. لە کاتێکدا چینی کرێکار ئەبێت شەڕەکە ئەنجام بدات و بەردەوام بێت لە کارکردن لە جەرگەی بارودۆخێکدا کە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا هەڕەشە لە شارەکانیان ئەکەن. وەک پاداشتێک لە بەرامبەر ئەم قوربانیدانەی چینی کرێکار، ئەوەی لە مافە کرێکارییەکانیان ماوەتەوە لە لایەن پەرلەمانی ئۆکراینا، هاوسۆزی سەرمایەدارە نێوخۆییی و دەرەکییەکان بە تەواوی تێکئەشکێنرێت.

لەشکرکێشی کۆنەپەرستانەی ڕووسیا کە چینی کرێکاری لەودیو سنوورەکانەوە فڕێداوەتە ناو ترس و دڵەڕاوکێوە، بواری بۆ چینی باڵادەستی ئۆکراینا ڕەخساندووە دەسەڵاتی خۆی بەسەر چینی کرێکاردا توندتر بکاتەوە. بزووتنەوەی نێونەتەوەیی چینی کرێکار، سەربەخۆ لە سەرمایەدارەکان، گرنگ و پێویستە لە پێناو دەرکێشانی کرێکاران لەو بارودۆخە نەخوازراوەی تێیکەوتوون، و پێکهێنانی هاودەنگی نێودەوڵەتی لە دژی ئەم ململانێیە ئیمپریالیستییە پڕ لە شەرمەزارییەو دەسەلاتدارە سەپێنراوەکانی سەریان، کە بەردەوام لە هەوڵدان بۆ بەخەرجدانی دواین دراوەکان بۆ ئەم شەڕە وێرانکەرە.