ئێران : پێداویستی بۆ بەرنامەیەکی شۆڕشگێڕانە

بزووتنەوەی دژ بە ڕژێمی ئێران لەسەر شەقامەکان سەرباری سەرکوتی توندو تیژی هێزەکانی ڕژێم هەروا درێژەی هەیە. خرۆشانی جەماوەریی بە زیاد لە ١٤٠ شار، شارۆچکە، و گوندەکانی گرتووەتەوە. ئەوەی لە ناڕەزایەتی دژ بە کوشتنی کچە کوردێکی گەنج دەستی پێکرد، ئێستا بە ئاراستەی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێرانەی مەزنی گەنجان دژ بە سەرجەم ڕژێم ئەڕوا. هەرچەندە پرسیارەکە لە جێ‌ی خۆیدا ئەمێنێتەوە، کە ئایا بزووتنەوەکە لێرەوە بەرەو کوێ هەنگاو ئەنێت؟

ڕژیم کە سەرەتا بە خێرایی و ڕادیکالیزمی بزووتنەوەکە تووشی سەرسوڕمان ببوو، ئێستا پەنا بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەرکوت و توندوتیژی دەبات. ڕۆژی یەکشەممە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران, لەگەڵ گەڕانەوەی لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا کە دەسەڵاتداران "بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵکانەدا ئەکەن کە دژایەتی ئاسایش و ئارامیی وڵات ئەکەن". لە شەوی شەممەوە تا ئێستا دەیان خوێندکار لە سەرتاسەری وڵات دەستگیرکراون و بەپێی هەندێک ڕاپۆرت ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر شەقامەکان بوونەتە قوربانی گەیشتووەتە ١٨٠ کەس، هاوکات ئینتەرنێت بە توندی سنووردار کراوە، هەموو وانە ڕووبەڕووەکانی نێو پۆلەکانی زانکۆش لەپێناو ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی زیاتری خوێندکاران بە وانەی ئۆنلاین گۆڕدراون.

سەرباری ئەمەش، لە ساتی نوسینی ئەم بابەتە، هێشتا ڕوون نییە کە توندوتیژی و سەرکوتکردنەکان سەرکەتوو بوون یان نا. لە تارانی پایتەخت، ڕۆژی دووشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە تیایدا قەرەباڵخی خەڵکانێک بە پەرچکارانە دروشم ئەڵێنەوە دەرئەکەون: "ناگەڕێینەوە ماڵەکانمان، تاکو شۆڕشێک ئەنجام نەدەین". بەهۆی سنووردارکردنی ئینتەرنێتەوە، زانیاری باوەڕپێکراو بە سەختی چنگ ئەکەوێت، ئەمەش وادەکات پێوانەکردنی دۆخی ڕاستەقینە لەسەر واقع ئەستەم بێت. بەڵام ڤیدیۆ و وێنەی بەردەوام لە بڵاوبوونەوەی ئاپۆڕای گەنجان کە هێرش ئەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و سووتاندنی ئۆتۆمبێلەکانیان، هەروەها نوسینگەکانی دەسەڵاتداران و ناوەندە ئایینییەکان، و پۆستەرەکانی بانگەشەکانی دەسەڵاتدارانی حکومیی، دەستاو دەستیان پێئەکرێت.

دوای هەڵکوتانە سەر بەشەناوخۆیی و کەمپەکانی خوێندکاران کە سەدان خوێندکار تیایدا دەستگیرکروان،یەکێتییەکانی خوێندکاران کاردانەوەیان نیشاندا و بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەرییان کردووە، و خوازیاری ئازادکردنی زیندانیانی سیاسین. وەک ئەوەی ڕیپۆرتکراوە، مانگرتنەکان لە لایەن ١٥ یەکێتی خوێندکارانەوە پشیتگیریی لێکراوە لە نێویاندا زانکۆی تەکنەلۆجیای شەریف، زانکۆی ئەلزەهرا، زانکۆی خواجە نەسیرەدین تووسی، زانستەکانی چاکسازی تاران، خوارزمی سوورە، چەمران ئەهواز، سەهەند تەبرێز و بوعەلی سینای هەمەدان. لە تەبریز، سەرجەم خوێندکارانی پزیشکی ددان، جگە لەوانەی لە خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکانی زانکۆ کاردەکەن، مانیان گرتووە. هەروەها بانگەوازی پەیوەستبوونی سەرجەم ستافی زانکۆیان کردووە، سەرباری بانگەوازی پەیوەستبوونی ژمارەیەک لە پرۆفیسۆر و چەند کەسایەتی تر.

ڕۆژی یەکشەممە، ئەنجومەنی هاوئاهەنگیی کۆمەڵەکانی مامۆستایانی ئێران مانگرتنی بۆ ڕۆژانی دووشەممە و چوارشەممە (سێشەممە پشووی فەرمی بوو) ڕاگەیاند، خوازیاری کۆتایی هێنان بە سەرکوت و توندوتیژی و ئازادکردنی سەرجەم خوێندکارە دەستگیرکراوەکان بوون. لە شارەکانی شیراز، ئەسفەهان، تاران و خوزستان، سەندیکای مامۆستایانی خۆجێی داوایان لە ئەندامەکانیان کرد بەشداری ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام بکەن. لە ترسی کاریگەریی مانگرتنەکان، دەسەڵاتدارانی هەندێک لە شارەکانی وەک شیراز، قەزوین، و هەروەها پارێزگای ئەلبۆرز، ڕۆژی دووشەممە بە بیانووی "پیسبوونی زۆری هەوا" پێشوەختە قوتابخانەکانیان داخست. هەروەها ئەنجوومەنی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، کە دەزگایەکە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕێکخستووە، هەڕەشەی مانگرتنیان کردووە ئەگەر ڕژیم سەرکوتی توندوتیژانەی خۆی ڕانەگرێت.

هاتنی گروپێک لە کرێکاران بە شێوەی ڕێکخراو بۆ نێو مەیدانی ناڕەزایەتییەکان هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پێشەوە. بەڵام دۆخەکە لە ئێستادا خوازیاری زیاترە لە هەڕەشە و مانگرتنی سنووردار. تەنها شتێک بتوانێت بە شێوەی یەکلاکەرەوە سەرکوتکردنەکان بوەستێنێت، مانگرتنی گشتیی سەرتاسەرییە، کە لە توانایدایە ڕژێم ئیفلیج بکات و پرسی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا بخاتە ڕوو. بانگەوازی مانگرتنێکی لەم چەشنە لە چەند جێیەک لە ئاستی نێوخۆییدا وروژێنراوە، بەهەمان شێوە لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانی نەناسراوەوەش لە سۆشیال میدیا وروژێنراوە. ئەبێت ئەمە بە هەند وەربگیرێت و بکرێتە بانگەوازو هاواری گردبوونەوەی سەرجەم بزووتنەوەکە. ئەم جۆرە مانگرتنە ئەبێت بە پێکهێنانی کۆمیتە و ئەنجوومەنەکانی تێکۆشان لە هەموو گەڕەک و قوتابخانە و شوێنی کاردا ڕێکبخرێت و ئامادە بکرێت، و ئەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نیشتمانی پێکەوە گرێ بدرێنەوە. لە کاتێکدا گەنجانی سەر شەقامەکان ئازایەتی و ئیرادەیەکی مەزن بۆ قوربانیدان لە خۆنیشان ئەدەن، بەڵام ناتوانن سەربەخۆ خۆیان ڕژێم بڕوخێنن. بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە، هاتنە مەیدانی چینی کرێکار وەک هێزێکی ڕێکخراو زۆر بایەخدارو گرنگە. ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ وەستاندنی ماشێنی سەرکوتکەرانەی ڕژێم لە ڕێڕەوەکانی و دووبارە دەستخستنەوەی زەبری هێزو توانا بۆ بزووتنەوەکە.

پساندنی گۆشەگیریی

خەباتی قارەمانانەی گەنجان و لاوانی ئێران و بە تایبەت ژنان، هۆش و خەیاڵی ملیۆنان کەسی لە سەرانسەری دنیا بەدوای خۆیدا کێشکردووە. هەڵوێستی ئەمان پێچەوانەی هەڵوێستی ڕیفۆرمخوازە لیبراڵ-دیموکراتەکان قەراری گرتووە کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا سەرکردایەتی بزووتنەوەی سەوزیان کرد، و خۆیان وەک پاڵەوانی دیموکراسی نیشان ئەدا، کە سالانێک خۆیان لەبەر پێ‌ی کوتلە توندڕەوەکانی ڕژێمدا ئەچەماندەوە بۆ کەمتەرخەمییان. لە کاتێکدا ڕیفۆرمخوازەکان لەلایەن ڕژێمەوە وەک ئامرازێک بۆ بردن و ڕەواندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر بە ڕێگایەکی سەلامەتدا بەکارهێنران، بەڵام ئەمڕۆ گەنجانی سەر شەقامەکان زەبری خۆیان لە دڵی خامنەئی و هاوکارەکانی وەشاندووە.

بەڵام لەگەڵ ئیلهامبەخشی بزووتنەوەی ئێستا، هێشتا ژمارەکان لەسەر شەقامەکان تاڕادەیەک نزم ماونەتەوە لە چاو پشتیوانی چالاکانەی جەماوەری کرێکاران و هەژاران، کە کۆمەک و پشتیوانەی یەکلاکەرەوەو چوونەپێشەوەی زیاتری بزووتنەوەکەن. لە كاتێكدا زۆرینەی ئێرانییەكان هاوسۆزی بزووتنەوەکەن، بەڵام هێشتا دوودڵن لە پێدانی متمانەو قورسایی خۆیان لە پشتی بزووتنەوەکە ، چونكە هێشتا هەست بەو دڵناییایە ناکەن کە ئەڵتەرناتیڤێکی باوەڕپێكراو لە جێگای سیستەمی ئێستایان بۆ دابین دەكات.

پێنج ساڵی ڕابردوو پڕ لە گێژاوترین ساڵەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامی بوون، ئەو ڕژیمە کە لە ساڵی ١٩٧٩دا جێگای بە دەسەڵاتی ڕق لێبووەوەی پاشایەتی گرتەوە. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە زنجیرەیەک خەبات و تێۆشانی سەرتاسەری و ناوخۆییمان لەسەر چەندین پرسی جۆراوجۆر بەرچاو کەتووە، لە کەمیی ئاوەوە بگرە تا ئەگات بە هەڵاوسان، گەندەڵی،خستنەخوارەوەی فڕۆکەی گەشتی ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی ئۆکرانیا، ستەمی کەمە نەتەوایەتیییەکان، و هێرشکردنە سەر مافە دیموکراتییەکانی تر، پەلاماردان و هێرشکردنەکانی سەر کەرتی خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی و پەروەردە، خانەنشینی، مووچە، بە تایبەتکردن و زۆر شتی تر.

ئەم دەورەیە گەورەترین شەپۆلی مانگرتن لە دوای شۆڕشی 1979ەوە بەخۆوە ئەبینێت، و نزیکەی هەفتانە ناڕەزایەتی و تێکۆشانی نوێ لە گۆشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا سەریان هەڵداوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە لێرەو لەوێ و جیاجیا بوون لە یەکتر، بەڵام وەک دیاردەیەکی لە یەکتر دانەبڕاو ماونەتەوە. ئەوەی کە هەموویان ڕەنگدانەوەی، و دواجار بەو هۆکارەوە دروست بوون، بنبەستی ڕەهای سەرمایەدارییە لە ئێران، سیستەمێک کە ناتوانێت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی کۆمەڵگا دابین بکات. ئەرکی شۆڕشگێڕان ڕێک ئەوەیە ئەم وانەیە هەڵبهێنجن و بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، بە یەکخستنی هەموو ئەم تێکۆشانە لە یەک بزووتنەوەی سەرتاسەریدا، و زەبروەشاندن لە ڕەگ و ڕیشەی هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکە.

لەپێناو بەرنامەیەکی شۆڕشگێڕانەدا

بزووتنەوەی ئێستا لە خەبات بۆ مافەکانی ژنان، مافی کەمە نەتەوەییەکان و مافە دیموکراتییەکان بە شێوەی گشتی سەریهەڵداوە. ئەمانە ئەبێت لە داخوازی کۆتاییهێنان بە هەموو ستەمێک، و مافی یەکسانی تەواو لەبەردەم یاسا بۆ هەموو مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە ڕەگەز،سێکس و نەتەوە دابڕێژرێن. لێرەشدا ئەبێت هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاق, بەسیج و گروپە نیمچە سەربازییەکانی پاسەوانی شۆڕش لەگەڵ دەزگا ئیتلاعاتییەکان زیاد بکەین . ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، ئازادی تەواو لە قسەکردن و ڕۆژنامەگەری، ئازادی ڕێکخستن، و بانگهێشت و ڕێکخستنی ئەنجومەنی دەستوور کە بە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لەلایەن ئەنجومەنە دیموکراتییەکانەوە ڕێکبخرێن کە لەلایەن جەماوەر خۆیانەوە دامەزراون.

بەڵام دیموکراسی لە خۆیدا چارەسەری پێداویستی و ئاواتە بەجۆشهاتووەکانی جەماوەر ناکات. بە ڕێکەوت نییە لەم دواییانەدا دروشمی ‘نان و کار و ئازادی’ کە یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ سەریهەڵداوەتەوە. بزووتنەوەکە ئەبێت خەباتی دیموکراسی بە خەبات بۆ داخوازییە ئابووری و سیاسییەکان لێکهەڵپێکی و گرێ بداتەوە. پێش هەر شتێک ئەبێت داخوازی بۆ بنبڕکردن و کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو گرێبەستانەی بە گرێبەستی سپی ئەناسرێن و گۆڕینیان بە گرێبەستی هەمیشەیی بەرزبکرێتەوە، کە زیاد لە سەدا ٩٠ی کرێکاران لە سایەیدا کارئەکەن. ئەمەش ئەبێت لەگەڵ داخوازی مووچە و کرێیەکی شایستە بە بژێوی شکۆ تێکەڵ بکرێت، کە لەلایەن خودی ڕێکخراوەکانی کرێکارانەوە دیاری کراوە،و دەستبەجێ قەرەبووی دەیان ساڵەی دابەزینی کرێ و مووچە ئەکاتەوە و گەرەنتی ئاستی ژیانێکی شایستەیان بۆ مسۆگەر ئەکات، بێگومان بە خانەنشینەکانیشەوە. ئەمەش ئەبێت لەسەر بنەمای پێوەرێکی گونجاوو قابیلی دەستکاری بێت، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە کرێ بەهۆی هەڵاوسانەوە ناخورێت، لە هەمان کاتدا لە سەرتاوە ئەبێت کاتەکانی کارکردن کەم بکرێتەوە بۆ ٣٠ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا و بەمەش ڕێگا بۆ دامەزراندنی هەمووان ئاوەڵا بکرێتەوە.

لە پێناو دابینکردنی بودجەی ئەم داخوازانە، ئەبێت هەموو کۆمپانیا گەورەکانی خاوەندارێتی تایبەت بە نیشتمانی بکرێن، هەروەها سەرجەم کۆمپانیا و بانکە تایبەتکراوەکان دووبارە بە نیشتمانی بکرێنەوە. ئەبێت هه‌موو كۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەت ده‌ستبه‌جێ بخرێنه‌ ژێر كۆنتڕۆڵ و به‌ڕێوه‌بەریی خودی كرێكاران خۆیانەوە. قازانجی ئەم کۆمپانیایانە ئەبێت لەپێناو گەشەپێدانی کۆمەڵگا و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان کەڵکیان لێوەربگیرێت، نەک بۆ نێو گیرفانی ئەو دارودەستە گەندەڵانەی ڕژێم کە تا ئێستا کۆنترۆڵیان کردوون. ئەبێت کتێبیی هەژماری کۆمپانیاکان بەڕووی خەڵکدا بکرێتەوە،و دەستبەجێ دەست بەسەر سامانی هەموو ئەو کەس و تاقمانەدا بگیرێن کە پارەیان لێدەرهێناوە. هەمان چارەنووس بۆ هەموو ئەو گەندەڵانەی لەسەر بنەمای دزیکردن لە خەزێنەی دەوڵەت سامان، کۆشک و تەلاری فەلەکئاسایان بنیادناوە.

ئابوری نیشتمانیی ئەبێت لەسەر بنەمای پلانی ئابووریی سەرتاسەری و دیموکراسی ڕێکبخرێت، کە لە جەماوەری کرێکارانەوەو لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی خۆیانەوە دەنگی لەسەر بدەن و پەسەندیان بکەن. بەم شێوەیە ئەتوانرێت بناغەکان بۆ گەشەسەندنی خێرا و پیشەسازی و دەرکێشانی زۆرینەی کۆمەڵگا لە بارودۆخی نەخوازراو، نەهامەتی بێهیوایی، دابڕێژرێن.

بەرنامەیەکی لەم جەشنە پێویستی بە پەرەپێدان، هەڵهێنجان و گۆڕانکاریی(دەستکاریکردن) لە شوێن و کاتی پێویست لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی تێکۆشانی جەماوەری خەڵک خۆیانەوە هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە بزووتنەوەکە ئەتوانێت زۆرینەی کرێکاران، گەنجان و هەژارانی ئێرانی کە لە ژێر قورسایی مرداربووەی سەرمایەداری ئازار دەچێژن، ڕابکێشێت و تێکۆشانەکانیان بۆ وەلان و ڕووخاندنی ڕژێم یەکبخات، و سیستمێکی نوێ لەسەر بنەمای وزەو دەسەڵاتی خودی جەماوەری پرۆلیتاریا خۆیان دابمەزرێنێت.

پرسی ڕابەریی

لە نەبوونی ڕابەرایەتی و بەرنامەیەکی شۆڕشگێڕانەدا، تاکە بەدیلێک کە خراوەتە بەردەم جەماوەری خەڵک، ڕەزا پەهلەوی کوڕی محەممەد ڕەزا پەهلەوییە کە لە لایەن شۆڕشی ١٩٧٩ ەوە ڕووخێنراوە. کاریگەری ئەم شازادەیە لە میدیای ڕۆژئاوا و پشتگیریکراو لەلایەن سعودی عەرەبییەوە زۆر زیادەڕەوی تێدا کراوە. وەک تاکە هیوای جەماوەری خەڵک لە ئێران نمایشی ئەکەن. خۆی وەک لیبراڵ دێموکراتێک نیشان ئەدات کە تەنها خەمی ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی خەڵکی ئێرانە، و سەرشێتانە هانیان بۆ شەڕکردن لەسەر شەقامەکان، و ڕووخاندنی ڕژێم و دانانی دەسەڵاتێکی پاشایەتی دەستووری ئەدات.

هەرچەندە ئەمە بۆگەناوێکی قێزەون لە دووڕوویی بەر ئەداتەوە. پەهلەوی هەوڵ ئەدات وێنای باوکی وا نیشان بدات کە فەرمانڕەوایی بەسەر کۆمەڵگایەکی کراوە و لیبڕاڵدا کردووە، کە مافی خەڵک تێیدا مسۆگەر بووە؛ هەڵبەت بە پشتگوێخستنی ئەو ڕاستیەی کە شای پیر سەرۆکایەتی ڕژێمێکی بەدناوی دڕندەی لە مێژوودا کردووە کە هەزاران کەس بەهۆی بچووکترین ناکۆکی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ئەودا زیندانی دەکران، ئەشکەنجە دەدران یان دەکوژران. بەڵام بڕوانامە دیموکراسییەکانی پەهلەوی گەنج ئەم ڕاستییەی بەدرۆ دەخەنەوە، کە لەلایەن ڕژێمێکی وەک سعودیەوە کە لەسەر بنەمای دواکەتووترین فۆڕمی ئسوڵگەرایی ئیسلامی دامەزراوە پشتیوانی لێدەکرێت،فۆڕمێک کە سەرجەم مافە سەرەتاییەکانی دیموکراسی بۆ زۆرینەی خەڵک ژێرپێ ئەنێت.

پشتیوانە سەرەکییەکانی پەهلەوی گەنج لەنێو هێزەکانی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواوە دەبینرێن. ئەو هێزانەی بۆ دەیان ساڵ ئێرانیان وەک نیمچە داگیرکراوێک هێشتەوە. بۆ سەر تاوانە بێشوومارەکانی ئەم هێزە ئیمریالیستانە ئەبێت سزاکانی ئیستاش کە توندترین کۆمەڵە سزان لە مێژودا زیاد بکەین. بە کردەوە، ئەوان ئەگەنە سەپاندنی گەمارۆیەکی دڕندانە کە کاریگەرییەکانی هیچ لە شەڕ کەمتر نین، وا لە دەسەلات بەدەستەکانی واشنتۆن ئەکات بەرپرسیار بن لە خراپترین تاوانەکانیان دژی بە خەڵکی ئێران. ئابوری ئێرانیان وێران کردووە و ملیۆنان خەڵکیان فڕێداوەتە ئەوپەڕی بارودۆخی هەژارییەوە.

تاکە وەڵامی ڕەزا پەهلەوی بۆ ئەم هێرشە ئابوورییە خراپانە ڕەخنەگرتن بوو لە ڕۆژئاوا بەهۆی دانوستانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. لە بەرامبەر سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕزگارکردنی سزاکانی پێشکەش کردووە. لە واقیعدا تاکە خاڵی ململانێی نێوان پاشایەتییەکان و ئاغا ڕۆژئاواییەکانیان لە لایەک؛ و ڕژێمی ئێستا لە لایەکی ترەوە، لەسەر ئەوەیە کە کامیان ئەبێت قازانج و سوودمەندیی لە چەوساندنەوەی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران بچننەوە.

ئەوەی ئەم باڵە لە ئێستادا هەوڵ دەدات خۆیان وەک بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ و لایەنگری شۆڕش لە ئێران نیشان بدەن، تەنیا خزمەت بە لاوازکردنی بزووتنەوەی ئێستا ئەکات، و گومان لە نێو ڕیزەکانی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک ئەچێنێت کە ئایا پشتگیری بزووتنەوەکە بکەن یان نا. بەم شێوەیە یارییەکی نێو دەستی ڕژێمی ئیسلامین، ئەو ڕژێمەی دەیان ساڵە بە بیانووی بیرۆکەی هەڕەشەی دەرەکی کە لە لایەن ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواوە هانئەدرێت، لە لێدان بۆ ملکەچپێکردنی جەماوەری خەڵک و ڕەشبگیرییان لە قبوڵکردنی دەسەڵاتی ڕۆحانییەکان درێغی نەکردووە.

ڕەزا پەهلەوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئێران ئینتەرناشناڵ، یەکێکە لەو چەند میدیایانەی ئێران کە لە لایەن سعودیەوە پاڵپشتی دەکرێن،داوای یەکڕیزیی هەموو هێزە سیاسییەکانی لە دژی ڕژێم کرد و وتی: “دەبێت جیهان بزانێت کە ئەڵتەناتیڤێک بوونی هەیە و ئەمەش کردارێکە کە هێزە سیاسییەکان لەودیو شەقامەکانەوە ئەتوانن هاوکاری بکەن. ڕەنگە بیروڕای سیاسی جیاوازمان لە ئێرانی ئایندەدا هەبێت، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەبێت لە پێناو ئامانجە هاوبەشەکانمان بۆ رزگارکردنی وڵات یەکبگرین”.

بەشێك لە چالاكوانان دەنگدانەوەی ئەم جۆرە بانگەوازانانەیان بۆ یەكڕیزی هەموو هێزە سیاسیەكان بە پاشایەتی و لیبراڵەكانیشەوە لەناو بزووتنەوەی ئێستادا کردووە. ئەمە داخوازییەکی کۆنەپەرستانەیە کە تەنها ئەبێتە هۆکاری شکست. بەرژەوەندییەکانی جەماوەر و بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازی ئێرانی کە ڕۆژئاوا پشتیوانی لێئەکەن، بە تەواوی و بەرامبەر یەک دژ بە یەکن. یەکگرتوویی لەسەر بنەمایەکی لەم چەشنە تەنها بە واتای ملکەچکردنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و هەژارانە بۆ بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدار، تەنانەت هەرە کوتلە پاک و خاوێنەکەشی. جگە لەمەش هەندێک توێژ لە جەماوەری خەڵک پاڵ پێوەدەنێتە نێو باوەشی ڕژێمەوە و بەمەش لاوانی ڕادیکاڵ گۆشەگیرتر دەکات. هه‌روەک له‌ كاتی شۆڕشی سووریادا ئه‌م ڕاستییەمان بینی، كه‌ داخوازی ده‌ستێوه‌ردانی رۆژئاوا له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ئەو کاتەوە، بووە بەرپەرچدانەوەی چینی كرێكار و ده‌ستی رژێمی ئه‌سه‌دیشی کراوەترو به‌هێزتر كرد.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دروشمی "مەرگ بۆ ستەمکاران، چ شا بێت یان ڕێبەر [ئاماژە بە خامنەیی دێت]"، لە چەندین ناڕەزایەتیدا وتراونەتەوە. ئەمە دروشمێکی تەواو دروستە، کە دەبێت لە بەرنامەی بزووتنەوەکەدا جێگیر بکرێت هاوشان لەگەڵ داخوازی تێکۆشان دژی ئیمپریالیزم.

لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئیمپریالیستەکان و بوکەڵە کۆنەپەرستەکانیان شوێنەواری ئاژاوە و دڕندەییان بەجێهێشتووە. تاکە هاوپەیمانی ڕاستەقینەی شۆڕشی ئێران لە کرێکاران و هەژارانی نێوخۆی ناوچەکە ئەدۆزرێتەوە، کە لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا ئازار دەچێژن، هەروەها خوشک و براکانیان لە پرۆلیتاریای ڕۆژئاوا کە خەریکی هاندان و پشتیوانی بزووتنەوەکەی ئێستان.

پێشتر بینیمان کە بزووتنەوەی ئێستا چۆن هاوسۆزییەکی بەربڵاوی لە ناوچە کوردییەکانی عێراق، سووریا و تورکیا ورووژاندووە. بەڵام لە هەر جێیەکی ناوچەکە زەمینەسازی بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان ئامادە بووە. گەر هاوارێک لە پێناو خەباتێکی یەکگرتووانە دژ بە دەسەڵاتداران بانگەوازی بۆ بکرێت، هیچ گومانی تێدا نییە دەنگدانەوەیەکی مەزنی لە نێو جەماوەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەبێت.

ئەڵتەرناتیڤ چییە؟

لە غیابی ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕانەی بەرچاو ڕوونی بزووتنەوەکە، پاشایەتییەکانی ڕۆژئاوا توانیویانە خۆیان وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخراو بۆ ڕژێمی ئێستا نیشان بدەن. ئه‌مه‌ش له‌ لایه‌ن هه‌ندێك له‌ چه‌پی ئێران به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌ریتی ستالینییه‌وه‌ وه‌ك بیانوو بەکارهێنراوە بۆ خۆ به‌دوورگرتن له‌ پشتیوانیکردنی بزووتنه‌وه‌ی ئێستا‌. ئەڵتەرناتیڤ چییە، ئەپرسن؛ ڕابەرایەتی لە کوێیە؟ ئەمە پرسیارێکی دروستە. بەڵام هەر دەچنەوە سەر دەرنجامە هەڵەکان.

ئەوە ڕاستە،هەتا ئێستا، بەدەر لە پاشایەتییەکان، ئەڵتەرناتیڤێکی ڕوون و ڕێکخراو بۆ ڕژێمی ئێستا بوونی نییە. بەڵام ئەو گەنجانەی هاتوونەتە سەر شەقامەکان، و جەماوەری پشتیوانیان، بە بانگەوازی پەهلەویەکان نەهاتوونەتە سەر شەقامەکان. ئەوان لە ژێر کاریگەری ئەو بارودۆخە بەرگە نەگیراوانە هاتوونەتە دەر کە تێیدا دەژین. پاشایەتییەکان تەنیا هەوڵی ڕفاندنی بزووتنەوەکە ئەدەن و ئاوەژووکردنەوەی بە پێچەوانەکەی.

بەڵام لە ڕەتکردنەوەی پشتیوانیکردنی لە تێکۆشان و خەباتی گەنجانی ئێستا، ئەم بەناو کۆمۆنیست و چەپانە تەنها قۆناغەکە بۆ پاشایەتییەکان بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ناڕەزایەتییەکان بە کراوەیی ئەهێڵنەوە ، دەرگا بەڕووی رژێمدا دەکەنەوە بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەکە. مرۆڤ بە وەستان لە پەراوێز و شەرمەزارکردنی هەوڵ و پیلانی پاشایەتییەکان، تەنیا بەوە ئەگات بزووتنەوەکە لە چەپ دوور بخاتەوە و بۆ باوەشی کۆنەپەرستانی پشتیوانە ڕۆژئاواییەکان پاڵی پێوەبنێت. ئەرکی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەکان، وردە وردە هاوکاریکردنی بزووتنەوەکەیە لە پەرەپێدانی بەرنامەیەک و بنیاتنانی ڕابەرایەتییەک کە بوونی نەبێت.

ئایا ئێستا باشترین کات نییە بۆ بنیاتنانی ڕابەرایەتییەک بە تەواوی، کاتێک کە رادیکاڵترین توخمەکان لەسەر شەقامەکانن، ئەزموون بەدەست دێنن و بە خێرایی فێر ئەبن؟ بەڵام تەنها بە پشتیوانیکردن و شوێنکەوتنی بزووتنەوەکە لە گەشەسەندنیدا، و، لەم کارەدا، هەوڵدان بۆ فێربوون وپەروەردەکردنی باشترین توخمەکان، ئەتوانیت ئەمە ئەنجام بدەیت. تەنانەت ئەگەر ڕابەرایەتییەک لە کاتی خۆشیدا دروست نەبێت، پێش ئەوەی بزووتنەوەکەش شکست بهێنێت، پرسێکە و ئەبێت بەردەوام مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە، هەمان ئەم خانمان و بەڕێزانەی لە چوارچێوەی هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی پێنج ساڵی رابردوودا ئەم هەڵوێستەیان خستووەتە ڕوو، وایکردووە ئەم داخوازە ببێتە پێشبینییەکی هەمیشەیی خۆبەدیهێن.

ئێمەی مارکسیستەکان پشتیوانی تەواوی خۆمان لە گەنجان و لاوانی شۆڕشگێڕی ئێران ئەکەین. بەڵام ئێمە هەر خۆمان وەک تەنها هاندەرێک نابینین. ئەرکی مارکسیستەکان ئەوەیە لە هەر هەنگاوێکدا لەگەڵ بزووتنەوەکەدا بن و ئەو دەرەنجامانە دەربکێشن کە لێیەوە دەڕژێن. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ چاوتروکانێکی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری ئێرانی بە ئێمە بەخشی. بەڵام لەسەر بنەمای ڕاستییەکانی بارودۆخی ئێستا، بەبێ ڕێکخستن و بەرنامەیەکی شۆڕشگێڕانە، مەترسی ئەوە هەیە کە کات بە ڕژیم بدات بۆ ئەوەی دووبارە خۆیان ڕێکبخەنەوە و بەرپەرچی توند بدەنەوە.

لە دواین لێکدانەوەدا، ئەم کێشەیە تا ڕاددەی نەبوونی رابەرایەتی کەمبکرێتەوە. ئەم کێشەیە هەر بە کراوەیی ئەمێنێتەوە لە کاتێکدا ئەگەر بزووتنەوەکە بتوانێت پێشڕەوی بکات یان لە کاتێکدا شکست بهێنێت. تەواوی ئەزموونی قۆناغی ڕابردوو ئەمەی بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕوون کردووەتەوە. ئەرکی سەرەکی کۆمۆنیستەکانی ئێران بە وردی بنیاتنانی ڕابەرایەتییەکی لەم شێوەیەیە، واتە بنیاتنانی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانە لەسەر بنەمای تیۆری مارکسیستی.

هیچ کات بە ئەندازەی ئەمڕۆ بارودۆخەکە لەبار نەبووە. رۆژانە توێژێکی نوێ لە کرێکاران و گەنجان ئەچنە سەر ڕێڕەوی تێژکۆشان و خەباتی شۆڕشگێڕانەوە و بەدوای ئەو بیرۆکەدا ئەگەڕێن کە لەم نێوەدا ڕێنوێنی و ڕێنماییان بکات. مارکسیزم ئەو گورزە لە بیرۆکە پێشکەش ئەکات کە لە تواناییدایە ڕابەرایەتییەکی لەو شێوەیە فەراهەم ئەکات.

سەد ساڵە سەرمایەداری بە هەموو شێوەکانییەوە،و لە ڕێگەی هەموو گۆڕانکارییەکانییەوە سەلماندوویەتی لە بردنە پێشەوەی کۆمەڵگای ئێراندا بێتوانایە. ئەوە بنەمای شۆڕشی ساڵی 1979 لە دژی شای پێشوو بوو، و دواجاریش ئەوە بنەمای بزووتنەوەکەی ئێستایە. کاتی ئەوە هاتووە ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕانە کە لە توانایدا بێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە چینی کرێکار و هەژاران کۆبکاتەوە لە پێناو گۆڕنانی ئەم شێرپەنجەیە کە چینی دەسەڵاتدار بەرگری لێدەکات دروستبکرێت.

نان، کار، ئازادی!

مەرگ بۆ دیکتاتۆر!

لەپێناو ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕانەدا!

لە پێناو شۆڕشی سۆسیالیستی!

سەرچاوە: لە بەرگری مارکسیزم‌دا